بۆردی بێئایینانی جیهان
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئێران، عێراق، تورکیا، سووریا، میسر، ئوردون، ئەفگانستان

مەبەست و ئامانج

• مەبەست و ئامانجی ئێمە بریتین لە:.

• هاندان و بەرگیرکردن لە بەند و بڕگەکانی جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ.

• گرنگیدان و بەرەوپێشچوون بە: لێبوردەیی، یەکترقبوڵکردن، پێکەوەژیان، کراوەیی، ڕاستگۆیی، حەزی گۆڕانکاری بۆ چاکتر و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی لە نێوان ئاییندار و بێئایینەکان و هەموو چینوتوێژەکانی دیکەدا.

• بە ڕاشکاوانە لەسەر ئایینداری یان بێئایینیمان بدوێین بەو شتانەی کە باوەڕمان پێیەتی یان باوەڕمان پێی نییە، تا دڵنیابین لەوەی کە دەنگی بێئایینەکان هەمیشە لە کۆمەڵگەکانی سەرتاسەری وڵاتان و لە میدیاکانی جیهاندا دەبیسترێن. لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکانی ناو بزووتنەوەی بێئایینان لە سەرانسەری جیهاندا کار دەکەین تا بتوانین خاڵە هاوبەشەکان بدۆزینەوە.

• دامەزراندن و کارکردن و پێشخستن و داکۆکیکردن لە سیستەمێکی پەروەردەی تەواو سێکۆلاریزم کە بەردەست بێت بۆ هەمووان. بەرگریکردن لەو ئاراستانەی کە ئاکارەکانی ئایین لە دەسەڵاتەکانی دەوڵەت جودا دەکەنەوە، ئایین بۆ ئاینداران و ئازادییش بۆ هەمووان.

• هاندانی پەرەپێدانی سیستەمێکی مرۆڤدۆستانە کە بە کۆی گشتی قبوڵکراوبێت و جەخت لەسەر هاوسۆزی و لێکتێگەیشتن و وابەستەیی یەکتری هەموو مرۆڤەکان بکاتەوە و بەرپرسیارێتی هاوتای هەر تاکێك لە پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەدا لەئەستۆ بگرێت.

• لێکۆڵینەوەی زانستی، هەڵسەنگاندن و ڕەخنەگرتن سەبارەت بە بیروباوەڕەکان، تێڕوانینێکی زانستییانە و خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە لە ( خودا، ئایین، پەرستن، قووربانی).

• هاندان و پێشخستنی فکر و زانست، ئەدەب و هونەر، مافی ژنان و منداڵان، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و هەموو ئەو چەمکانەی تر کە کاریگەرییان لەسەر پاراستن و دەوڵەمەندکردنی ئارامی و خۆشگوزەرانی مرۆڤەکان هەیە.

• لە ڕێگەی پەروەردە و گەیاندن و بنیاتنانی پەروەردەی زانستییەوە کار دەکەین بۆ کۆتاییهێنان بەو چەواشەکارییانەی کە پەیوەستن بە بەکاربردنی (ئیسغلالکردنی) منداڵان و ستەمی سەر ژنان و لەکەدارکردنی ڕەخنەگران. .

• کاردەکەین بۆ دەرخستنی ڕەسەنایەتی کولتووری کۆمەڵگەکەمان و برەو بە زانست و کراوەیی و ڕاستگۆیی دەدەین سەبارەت بەو شتانەی کە باوەڕمان پێیەتی یان باوەڕمان پێی نییە، ڕاشکاوانە لەسەر بێئایینیمان دەدوێین تا دڵنیابین لەوەی کە دەنگی بێئایینەکان بۆ هەمیشە لە کۆمەڵگەکانی سەرتاسەری جیهاندا بیستراو بێت.

• تێدەکۆشین بۆئەوەی هەمووان لە ئەرك و مافدا یەکسان بین و کۆتایی بهێنین بەو توندوتیژی کە ئاییندارەکان بەرهەمیانهێناوە و چیتر ئایینەکان وەك پاساوێك بۆ سنووردارکردنی ئازادییەکانی مرۆڤ و ئەنجامدانی توندوتیژی، یان هەر هۆکارێك بۆ وەرگرتنی مامەڵەی تایبەت بەکار نەیەن.

• هەموو ئامرازێکی بەردەستی وەك سیستەمی یاسایی، داکۆکیکردن لە -سیاسەت و هەڵمەتەکانی گەیاندن- بەکاردەهێنین. کاردەکەین بۆ باشترکردنی تێگەیشتن لە بێئایینانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەت ئێران، عێراق، سوریا، تورکیا، میسر، ئوردون، ئەفگانستان.